ژنه ئاواره دووگیانه‌كان پێویستیان به پزیشكی تایبه‌ت به ژنانه
|
AM:09:05:23/08/2013
|
یه‌كێك له ژنه دووگیانه‌كان، له‌ناو كورده‌كانی خۆرئاوا، كه له خوێنگه‌ی عه‌ربه‌تی بنه‌ڕه‌تی نیشته‌جێكراون، ئه‌و قاتێكی ناوماڵی په‌مه‌یی له‌به‌ردابوو، حه‌زی نه‌كرد ناوی بنووسین، به‌ڵام به وته‌ی خۆی ته‌مه‌نی 33 ساڵه و خه‌ڵكی شاری حه‌له‌به. ئه‌و خانمه دووگیانه، به‌خه‌مبارییه‌كه‌وه، وتی: "هیچ وه‌زعم باش نیه، چونكه له حاڵه‌تێكی ده‌رونی خراپدام و حه‌زیشم له هیچ خواردنێكی تایبه‌ت نیه، به‌ڵام به‌هیوام وه‌زعی منداڵه‌كه‌ی ناو سكم باش بێت". وتیشی: "له‌وه‌ته‌ی هاتووین بۆ سلێمانی مێرده‌كه‌مم لێ دابڕاوه و ونبووه و تائێستا نازانم له‌كوێیه ناشزانم چی بكه‌م، بۆئه‌وه‌ی بیدۆزمه‌وه". یه‌كێك له ژنه دوو گیانه‌كانی تری ناو ئاواره كورده‌كانی خۆرئاوای كوردستان له شارۆچكه‌ی عه‌ربه‌ت، كه نه‌ی ویست ناوی ئاشكرا بكه‌ین، كه ته‌مه‌نی 27 ساڵ بوو له‌چكێكی له‌سه‌ر بوو به مه‌كسییه‌كه‌وه له حه‌وشه‌ی خوێندنگه‌ی عه‌ربه‌ت له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی دانیشتبوو، باسی له‌وه‌كرد، كه ئه‌وان له‌ترسی گروپه تیرۆرستییه‌كان و شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تیان هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و ژنه كورده‌ی خۆرئاوای كوردستان، كه دوو كچ و كوڕێكی هه‌یه و ئێستاش دووگیانه، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه پێشتر له وڵاتی سوریا له رووی ده‌رونییه‌وه ئاسوده نه‌بووه، به‌ڵام ئێستا له هه‌رێمی كوردستان هه‌ست به ئاسوده‌یی ده‌كات، به وته‌ی خۆشی خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێم زۆر هاوكارییان كردون و نه‌یانهێشتووه بێ خواردن و ئاو بن. ئه‌و خاتوونه باسی له‌وه‌شكرد، تاوه‌كو هاتوونه‌ته نزیك سنوور ده سه‌عات به‌پێ رۆشتوون و زۆر هیلاك بووه به‌و رۆشتنه، وتیشی: "باری ته‌ندرووستیم باشه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له‌گه‌ڵ تیمی پزیشكی حكومه‌تی هه‌رێم پزیشكی تایبه‌ت به ژنان نه‌هاتوون بۆلامان، بۆیه داواكارین پزیشكی تایبه‌ت به بواری ژنانیان بۆ دابین بكه‌ن، كه ئه‌وه داخوازی سه‌رجه‌م ژنه دووگیانه‌كانی دیكه‌شه". دوای "خه‌ندان" ئه‌و گرفته‌ی ژنه دووگیانه‌كانی خۆرئاوای كوردستانی له سلێمانی، بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی خسته‌ڕوو، د. میران محه‌مه‌د، وتی: "تیمه پزیشكییه‌كانمان به به‌رده‌وامی سه‌ردانی ئاواره‌كانیان كردووه و چاره‌سه‌ری پێویستیشیان بۆ ئاواره‌كان كردووه، هه‌روه‌ها بنكه‌ی ته‌نروستی عه‌ربه‌تیشمان بۆ ئاماده‌كردوون". د. میران، وتیشی: "ئه‌و ژنه دووگیانانه ده‌توانن سه‌ردانی بنكه‌ی ته‌ندروستی عه‌ربه‌ت بكه‌ن، كه پزیشكی تایبه‌ت به ژنانی لێیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شاره‌زا نه‌بن یان نه‌شتوانن بچن، ئێمه پزیشكی تایبه‌ت به ژنانیان بۆ ده‌نێرین". |