مووچەی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و ئەرسەلان بایز بخوێنەرەوە
AM:12:50:23/08/2013
 

بریكاری وەزارەتی دارایی مووچەی سەرۆكی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات‌و دەڵێ "ناعەدالەتی لە سیستمی مووچەدا هەیە".
 
رەشید تاهیر، بریكاری وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداریی بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفیزیۆنی (رووداو)ی كرد و لەبارەی بڕیاری زیادكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە دواو رایگەیاند "دوای دەرچوونی بڕیارەكە لە حكومەتی عێراق، پێویست دەكات بە نووسراوی فەرمی بگاتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوكاتەش ئێمە پابەند دەبین پێیەوە".
 
رەشید تاهیر مووچەی پلە تایبەتییەكانی روونكردەوە، كە لە پلەی 3 دەستپێدەكات و ئەم پلەیە جێگری بەڕێوەبەر، سەرپەرشتیار‌و راوێژكار دەگرێتەوە. پلەی دوو: بەڕێوەبەرەكانن. پلەی یەكیش بریتین لە: پسپۆڕ، بەڕێوەبەری جێبەجێكردن، راوێژكاری یاسایی. هەروەها پلە تایبەتییەكانی (ئەلیف و بێ) بەڕێوەبەری گشتی، راوێژكار، جێگری سەرۆكی زانكۆ و جێگری پارێزگار‌و وەزیرەكان دەگرێتەوە.
 
 بریكاری وەزارەتی دارایی مووچەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیران و ئەرسەلان بایز، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی ئاشكراكردو لەبارەی مووچەی نێچیرڤان بارزانی و ئەرسەلان بایزەوە گوتی:  "سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان پلەی ئەلیفن و مووچەكەیان لە 2 ملیۆن و 412  هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 3 ملیۆن، ئەم جیاوازییەش لە دەرماڵەیە نەك بنەڕەتی".
 
ئاشكراشی كرد "مووچەی بنەڕەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 3 ملیۆن و هەندێكە".
 
گوتیشی: "مووچەی سەرۆك وەزیران لەگەڵ هەر وەزیرێك ملیۆنێك تاوەكو ملیۆن و نیوێك جیاوازی هەیە".
 
رەشید تاهیر، بریكاری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، مووچەی بنەڕەتی خۆی ئاشكرا كرد و رایگەیاند "مووچەی من وەك بریكاری وەزارەتی دارایی بۆ یەكەم دامەزراندنم 2 ملیۆن و 414 هەزار دینارە، ساڵ بەساڵیش زیاتر دەبێت".
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دادپەروەریی لەنێوان مووچەی پلە كۆتاكان و پلە تایبەتییەكان هەیە، بریكاری وەزارەتی دارایی گوتی "عەدالەت لە سیستمی مووچەدا نییە".
 
 ئاماژەی بەوەدا  "ئەگەر بەراوردی نێوان پلە تایبەتییەكان، بۆ نموونە وەزیر لەگەڵ پلەی 10 دا بكەین ئەو جیاوازییە لە مووچەی بنەڕەتی 17 جار و بە دەرماڵەكانەوە رەنگە 60 جار زیاتر بێت".