هاوڵاتیان به‌ 850 ملیار دینار قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌
PM:09:42:23/08/2013
 

حكومه‌تی عیراق 850 ملیار دیناری ره‌وانه‌ی بانكی رافیده‌ین كردووه‌ تا له‌وێوه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م  هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكرێت له‌بری ئه‌و به‌شه‌ مانگانه‌یه‌ی خۆراك كه‌ فه‌وتاو بڕیاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی لێدرابوو، له‌به‌رمبه‌ریدا هه‌ر هاوڵاتیه‌ك ( 25 ) هه‌زار دینار وه‌ربگرێت. 

دكتۆر خه‌یروڵا حه‌سه‌ن، وه‌زیری بازرگانی عیراق هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ‌ (خه‌ندان) پشتڕاست كردوه‌و رایگه‌یاند: دوێنێ وه‌زاره‌تی بازرگانی 850 ملیار دیناری گواستۆته‌وه‌ بۆ بانكی رافیده‌ین، وتیشی:" له‌بانكی رافیده‌ینه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ بانكی رافیده‌ینی پارێزگاكان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێیه‌وه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیان دابه‌ش بكرێت". 

به‌وته‌ی وه‌زیری بازرگانی عیراق، پارێزگاكان له‌ڕێی لیژنه‌ی تایبه‌تی خۆیان ، به‌سه‌رپه‌رستی پارێزگار، ئه‌ركی دابه‌ش كردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌ پێشتر به‌ ( 25) هه‌زار دینار مه‌زه‌نده‌ كرابوو بۆ هه‌ر هاوڵاتیه‌ك دابه‌ش ده‌كه‌ن، وه‌زیری بازرگانی ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی ژماره‌ی سه‌رجه‌م دانیشتوانی پارێزگاكان ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ مه‌زه‌نده‌ كراوه‌ و هه‌موو پارێزگایه‌كیش ده‌گرێته‌وه‌ به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. 

بڕیاره‌ دابه‌شكردنی به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا  به‌رده‌وام بێت تا ئه‌و كاته‌ی هاوڵاتیان خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن خۆراك وه‌ربگرن یان پاره‌، دیاریی كردنی بڕی ( 25) هه‌زار دیناریش وه‌ك قه‌ره‌بوو له‌بری ئه‌و بڕگانه‌ی خۆراكه‌ كه‌ پێشتر به‌هۆی  كێشه‌ی ته‌كنیكی ‌نێوان عیراق و كه‌نداو دواكه‌وتن و له‌كاتی خۆیدا نه‌گه‌یشتنه‌ ده‌ستی هاوڵاتیان.